Remember me منت لەبیر بێت

 "Remember me 2010"

منت لەبیر بێت



"زۆرجار ئەوەی هەمانە پێویستە قبوڵی بکەین، تۆ نازانیت سبەی دەبیتە خاوەنی یان نا!"


...لە ساڵی ٢٠١٠ ئاڵێن کۆڵتەر ئەم فلیمەی پێشکەش کردین لە ژانرا ی ڕۆمانس/دراما. ئەتوانم بڵیم تا ڕادەیەک بە خۆی کەمناسراوە و ناوبانگی کەمە بەڕاستی گەر بێمە سەر ڕاستییەکە زۆر کەیفم بەو بابەتانە زیاتر دێت کە ناوبانگیان کەمترە و ناسراوی لەناو خەڵکا کەمترە شتێکە لەخۆما هەیە.

 بەهەرحاڵ ئەم فلیمە لە نواندنی سەرەکی ڕۆبێرت پاتنسن. ە  ڕۆڵی گەنجێکی ٢١ ساڵی خۆێندکاری کۆلێژ دەبینێت. سەرقاڵی گێژاوەکانی ژیانییەتی لە سەر و وەختی گەنجێتیدا لە جەنجاڵی شاری نیو یۆرک سەرەڕای پەیوەندییە ناجێگیرییەکەی لەگەڵ دایک و باوکی لە دیمەنەکانی سەرەتاوە تێبینی دەکەیت ژیانی تایلەر وەک خوێندکارێک شپرزە و شێواو و قەرەباڵخە لە ئەپارتمانتەکەی خۆیەوە دەست پێدەکات لە دەستپێکی ڕۆژەکەیەوە و دوا کەوتنی بەردەوامی دیدارەکانی، هەر وەك گەنجەکانی دی هاوتەمەنی خۆی. لەگەڵ تێپەڕ بوونی فیلمەکە و ئاشنابوونمان بە یەک بە یەکی کارئەکتەرەکان قووڵایی ناخیان تێبینی ئەوە دەکەین ئەو ژیانەی تێیدان جگە لە ڕووبەڕوو بوونەوەی سەختییەکانیان شتگەلێکی زۆر هەیە، چ لە ڕووی هەستیاری و دەروونییەوە ناجێگیرییەکی گەورەی درووست کردووە. تایلەر جگە لەوەی کەسێکی ئازیزی خۆی لەدەست داوە و جیگیرەوەی بۆی خوشکە بچووکە کەیەتی هۆکارێکە بۆ ئەوەی مانای ژیان ی ئەمڕۆ و سبەی پێ ببەخشێت لە سەروکار ی و هەستیاری تایلەر زۆر بە جوانی تیبینی دەکرێت کە هەموو کەسی ئەو تاقە خوشکەیەتی کە ماوییەتی، باوکی خاوەنی کۆمپانییایەکی گەورەیە و لە چینی دەوڵەمەند و سەرەوە ژیان دەکەن بەڵام تایلەر بە پێچەوانەوەی ئەوان سەرقاڵی ژیانی خۆیەتی و لەبەرهەندێک کێشەی خێزانی قووڵ لە ڕابردوودا گرێیەکی ئاڵۆزی بۆ پەیوەندییەکەی خۆیان و تایلەر دروست کردووە. شەوێک تایلەر ڕووبەڕووی چەند کێشەیەک دەبێتەوە بەرەو هەنگاوێکی دیکەی ژیانی دەبات و بەتەواوی لایەنێکی د یکەی بۆ ژیانی دەگۆڕێت کانۆن ئیڤێنتکی١ سەیری بەسەردا دێت کچێک دەناسێت تایلەر بەرە بەرە ئەکەوێتە بەرپرسیارییەتی گەورەتر و قبووڵکردنی ئەو ڕاستییە و ڕووبەڕوو بوونەوە لێی، لەگەڵ تێپەڕ بوونی دیمەن بە دیمەنی ئەم فیلمە بینەر ئەو شڵەژاویی و ئاژاوەیی مێشکی هەر تاکێکی سەردەمی مۆدێرن ی بۆ دەردەکەوێت ئاشنای ئەوە دەبین تایلەر نموونەیەکی زیندووە لە تاکێک لە کۆمەڵگایەکی مۆدێردن دا. بەڵێ دەکرێت لە دەروونی هەر یەکێکماندا ناجێگیرییەکی خود بوونی هەبێت. ئەمەش دەکرێت ببێتە هۆی ئەوەی لە زۆربەی نۆرمەکانی ڕۆژانەمان دامانبڕێت و بەردەوامییەکی ناپێویست دروست بکات تیاماندا ببێتە تێکچوونی نەست مان. لەم قۆناغەی ئێستای ژیانماندا من یان تۆ ڕەنگە ئەویە هەمانبێت بە پێویستی نەزانین یان قەدرێکی تەواوەتیمان لای نەبێت، لەبۆچوونی خۆمەوە ئەم فلیمە بەتەواوەتی خزمەت بەو بیرۆکەیە دەکات کە لە قۆناغی ئێستەتا بژێیت تایلەر ئەوەی سەرقاڵی کردبوو تەنها ژیانە ناخۆشە ٢١ ساڵییەکەی نەبوو. بیستنی و قبووڵنەکردنی ئەو ڕاستییانە بوو کە بریتین لە بەرپسریارێتی مەعنەوییەت جا چ بۆ خودی خۆی یان خێزانەکەی. دەکرێت کەسێک بیت فاشل بیت و هەست بە بەرپسریارێتی نەکەی بەرامبەر بە خۆت بەڵام زۆر شتی دی هەیە ڕەنگە خۆت بە کوشتن بدەی لە پێناویا و بە پێچەوانەشەوە، لە کۆتاییدا لە هەر ئاسێکدا بێت هەموومان بەرپرسیارێتییەکمان هەیە. ئەو جەنگەی تایلەرلەگەل دەروونی تێی کەوتووە بینەر تێبینی دەکات کە تایلەر ئامادە نییە بۆ ئەو هەموو بەرپرسیارێتییە بەڵام لا لایەکی دیکەشەوە ئەبینین بەرە بەرە هەست بە خۆ گونجاندنی و ڕاهاتنی لەگەڵ قورسییەکانی دەکەین و بەردەوامبوونی پێوەی بەرەو دیوێکی دیکەی ژیانی دەبات.

 دەمەوێت ئەوەش بڵیم لە کۆتاییدا هەر تەنها خۆتیت دەمێنیتەوە هەمووان ئازارت دەدەن، بەڵام ئەوانەی ئازاریشت دەدەن بە ووریاییەوە هەڵیبژێرە کێ شایەنییەتی. تۆ خۆتیت و هەر بە تەنها خۆت ڕووبەڕووی ئاستەنگەکانی ژیانت دەبیتەوە ئەوانەی چواردەورت دەکرێت ئیلهامێك بن بۆ بەرەوپێشچوونی تۆ و گوڕینی ڕەوتی ژیانت.


کارینا مەریوان 


١کانۆن ئیڤێنت(Canon Event):  "ڕووداوی کانۆن شتێکە کە ڕوودەدات و بەهۆی شتێکەوە کەسایەتی تۆ پێکدەهێنێت و دیاری دەکات تۆ کێیت" - ساتێک یان ئەزموونێکی گرنگە لە ژیانتدا کە بە شێوەیەکی بنەڕەتی دەتگۆڕێت و دەبێتە بەشێکی سەرەکی لە ناسنامەت.
سەرەتای ئەم ووشەیە لە فیلمە ئەینیمەیشنی سپایدەرمان درووست بوو.



Comments

Popular Posts